کۆمەڵکوژیی سەیفۆ
کۆمەڵکوژیی سەیفۆ یان جینۆسایدی ئاشووری/سریانەکان، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی جەنگیی بوون کە لەلایەن ھێزە سەربازی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە ئەنجامدراون، بە یارمەتی گروپی چەکداری نانیزامی کوردی ژێر فەرمانی ئەفسەرە تورکەکان، کە خەڵکی مەدەنی مەسیحی ئاشووری/سریان/کلدانییان کردبووە ئامانج . ئەم ئۆپەراسیۆنانە کە لە گەرمەو دوای جەنگی جیھانی یەکەمدا لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ناوچە ھاوسنوورەکانی لەگەڵ وڵاتی فارس (دەوڵەتی قاجار) جێبەجێکران. [١] ، بوونە ھۆی کوژرانی سەدان ھەزار ئاشووری / سریانی / کلدانی و دەرپەڕاندنیان لە زێدی رەسەنی خۆیان لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا باکووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا.[٢] زۆرێک لە زانا و توێژەران ئەم کوشتارە بە جینۆساید دەزانن، [٣] [٤] کە ھاوشێوەی جینۆسایدی ئەرمەنەکان و یۆنانیەکان ڕوویداوە. [٥] [٦] [٧]
خەڵکی مەدەنی ئاشووری/سریان/کلدان دانیشتووی باکووری میزۆپۆتامیا (شارۆچکەکانی ئورفا, ماردین, و میدیات, ھەروەھا ناوچە گوندنشینەکانی ناوچەکانی تور-عابدین, ھەکاری، وان و بدلبس لە ، ولە ناوچەی سەڵماس و ورمێ لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە کوژران و راگوێزران، لە نێوان ساڵانی ١٩١٤ بۆ ١٩٢٠ ، ئەوانەی ھەڵاتن لە کوشتارەکان قورتار بوون، لەلایەن بەشێک لە ھۆزە عەرەبییەکانی بیایان ھێرشیان کرایە سەر. [٦] جێێ سەرنجە کە دیانەکانی مووسڵ و باشووری کوردستان دووچاری کوشتنی بەکۆمەڵ نەبوون، ھەرچەندە لەو سەردەمەدا بەشێک بوون لە دەسەڵاتی عوسمانی.
ھیچ ئامارێکی ورد بۆ کۆی ژمارەی قوربانییەکان نییە، بەڵام توێژەران ژمارەی قوربانیانی سریانی/ئاشووری لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ ھەزار کەس مەزەندە دەکەن. [٨] [٩] [١٠] [١١] جگە لەم ژمارەیە، نزیکەی دوو ملیۆن ئەرمەنی و یۆنانی لە جینۆسایدی ھاوشێوەدا کوژراون کە بە جینۆسایدی ئەرمەن و جینۆسایدی یۆنان ناسراوە. [١٢] تورکیا بە فەرمی نکوڵی لەم کوشتارە دەکاو ھەوڵدەدات تاوانەکان بخاتە ئەستۆی سەرۆک ھۆزە کوردەکانی ئەوسا وەک ئەوەی لەگەڵ سمکۆ لە سەڵماس روویاندا [١٣] بەڵام ھەوڵەکان بۆ بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدی ئاشوورییەکان لەلایەن ڕەوەندی ئاشووریی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی پێکردووە . چەند وڵاتێک، لەنێویاندا ئەمریکا ، دانیان بەوەدا ناوە کە ئاشوورییەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا قوربانیی جینۆساید بوون، بەڵام تورکیا ڕەتیدەکاتەوە .
کۆمەڵکوژیی دەشتی ورمێ لە ئێران پاش ئەوە روویدا کە لەشکری رووسەکان کشانەوەو سوپای عوسمانییەکان لە مانگی یەکی ساڵی ١٩١٥ ورمێیان کۆنترۆڵ کرد . ھەندێک لە ھۆزی کوردی ورمێ ھێرشیان کردە سەر شار و ئاواییەکانی دەوروبەری و ئاشووریەکان کە یارمەنیدەری رووسەکان بوون، لە ترسی تۆڵەی کوردەکان، بە پەنایان برد بۆ قەشە ئەمریکاییەکانی ناەندی شار و لە ماڵەکان و کڵێساکانی خۆیان داڵدەیان دان، . لە ھاوینی ساڵی ١٩١٥ ئاشوورییەکانی ھەکاری پەنایان ھێنایە ورمێ و سەڵماس کە ھێزی سوپای رووسیای قەیسەری لێبوو، بەڵام ئاشووری/سریان/ کلدانەکانی وان، دیاربەکر، و... خەربووت دووچاری کوشتاری گەورە بوون [١٤] و ھاوکات بوو لەگەڵ کوشتاری ئەرمەن و یۆنانیەکان.
ناوی سەیفۆ
[دەستکاری]ئەم کۆمەڵکوژییانە بە چەندین ناوی ناوخۆیی ناسرابوون کە ڕەنگە گرنگترینیان “سەیفۆ ” «سیفو» ܣܝܦܐ بێت کە بە واتای (شمشێر) دێت و لە ساڵی ١٩١٥، کاتێک لە ناوچەی تور عابدین/ ھەڤێرکان دەستی پێکرد و پێی گوترا “ شاتۆ دسێڤۆ ” ܫܢܬܐ ܕܣܝܦܐ، بە واتای “ساڵی شمشێرەکە” . ھەروەھا لە ئەدەبیاتی سریانیدا کۆمەڵکوژییەکان ناویان لێنراوە - "ܩܛܠܐ ܕܥܡܐ ܣܘܪܝܐ"“ «قَەطلا دەعَمّا سُورایا»/«قَطلو دعَمّو سُریویو»” بە زمانی سریانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا بە واتای “کۆمەڵکوژی گەلی ئاشووری/ سریانی”. ھەروەھا ناسراوە بە کورتکراوەی “ gtala’ama ” / “ qat’al-ammo ” بە واتای “ پاکتاوکردنی نەتەوەیی ” .
لە تورکیا ، ئەم ڕووداوانە بە شێوەیەکی گشتی بە "قەتلعامی سوریانی ""Süryani Katliamı" یان "Süryani Soykırımı" بە واتای "کۆمەڵکوژی ئاشووری/سوریان" ناسراون سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان ئەم کۆمەڵکوژیانە بە ناوی "سەیفۆ" و "جینۆسایدی ئاشوورییەکان" ناودەنێن.
ھۆکارەکان
[دەستکاری]توێژەران چەند ھۆکارێکیان بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنی قڕکردنە خستەڕوو کە عوسمانییەکان دژی کەمینە مەسیحییەکان ئەنجامیاندا و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەمەوە دەستیپێکرد. و ترسی سەرکردە سەربازییەکانی تورک لەوەی ھەر شۆڕشێک یان شەڕێک لەو ناوچانە دەبێتە ھۆی جیابوونەوەی بەشێکی گەورەی ئیمپراتۆریەتەکە، وەک ئەوەی لە وڵاتانی بەڵکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەمدا ڕوویدا، کاتێک زۆربەی ئەو ناوچانە لە دەوڵەتی عوسمانی ھەڵگەڕانەوەو سەربەخۆیی خۆیان بەدەستھێنا . ھەروەھا ھەوڵدان بۆ بە تورکیکردنی ئەو گەلانەی کە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەژین وتاواندنەوەیان لە بۆتەی نەتەوەی تورکدا، کاردانەوەی لێکەوتەوە و بووە ھۆی بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوەگەری دژ ئەم سیاسەتە لە نێو گەلانی کورد و عەرەب و ئەرمەنی و ئاشووری [١٥] لە ئەنجامدا بووە ھۆی بەکارھێنانی توندوتیژی لەلایەن عوسمانییەکانەوە یەکەمین جینۆسایدی بەرفراوان لە ساڵی 1895 لە کاتی کۆمەڵکوژیی حەمیدییە دەستیپێکرد، کاتێک سەدان ھەزار ئەرمەنی و ئاشووری لە شارەکانی باشووری تورکیا، بەتایبەتی ئەدەنە و ئامەد کوژران، دوای ئەوەی چالاکوانە ئەرمەنیەکان تۆمەتباران کران بە ھەوڵی تیرۆرکردنی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم . [١٦] بەڵام ھۆکاری سەرەکی لە پشت ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەسەر ئاشوورییەکان/سوریاکاندا ھات، ترسی عوسمانییەکان بوو لە پەیوەستبوون بە ڕووسەکان و شۆڕشگێڕانی ئەرمەنستانەوە، بە تایبەت دوای شکستی یەکەم لەشکرکێشی قەفقاز لە زستانی ساڵی ١٩١٤ . [١٧]
تێوەگلانی کورد لە کۆمەڵکوژییەکاندا، پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە ئەرمەن و ئاشووریەکان لەم ناوچانەدا لە ھەوڵدان بە پشتیوانی رووسیا دوو دەوڵەتی سەربەخۆ، لە سەر حسابی کوردان، لە وان و ئامەد و ورمێ و ھەکاری درووست بکەن و ئەفسەرانی و لایەنگرانی پارتی لاوانی تورک ئەم دەنگۆیانەیان وەک ھەڕەشە دەگەیاندنە سەرۆک ھۆزە کوردەکان و ھانیان دەدان بۆ ئەوەی لە دژی ئەم ھەوڵانەی رووسیا بوەستنەوە. تەنانەت ئەو کوردانەی دژ بە سیاسەتی دەوڵەت بوون بە دڕندەترین شیواز قەتلوعام کران وەک قەتلوعامی بازید و ئەڵشگرد دژ بە کوردان.
پاشخانی مێژوویی
[دەستکاری]ژمارەی ئاشوورییەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە نزیکەی یەک ملیۆن مەزەندە دەکرا و ناوچەکانیان لە ناوجەرگەی کوردستان کە ئێستا بەسەر ئێران و عێراق و تورکیا دابەش دەبێت . [١٨] مێژوونووسانی وەک دەیڤید گاونت ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاشوورییەکان پێش دەستپێکردنی جەنگی جیھانی یەکەم نزیکەی ٦٠٠ ھەزار کەس بوون. [١٨]
ئاشوورییەکان لە رۆژئاوای دەریاچەی ورمێ و باشووری دەریاچەی وان (بەتایبەت ناوچەی ھەکاری ) و میزۆپۆتامیا و لە ویلایەتەکانی ڕۆژھەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی وەک ئامەد، ئەرزرۆم و بیتلیس دەژیان. ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەک ھاوڵاتی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵ ئاشوورییەکان دەکرد، وەک ئەو مەسیحیانەی کە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا دەژیان ، و ڕێگرییان لێدەکرد کە پۆستی پلەبەرز لە دەوڵەتەکەدا بەدەستبھێنن.
توندوتیژی بەرامبەر بەم کەمینانە پێش ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانی گەورە ھەر ھەبوو بەڵأم زیاتر مۆرکێکی ناوخۆیی و تەسکی ھەبوو وەک کوشتاری بەدرخانیەکان لە ساڵانی دوای ١٨٤٠ز کوشتاری سوارەی حەمیدیەی سەر بە دەوڵەت لە ساڵانی ١٨٩٥ و ١٨٩٦. [١٩] کاتێک سەرکردەکانی سوارەی حەمیدی فەرمانیان لە سوڵتانی عوسمانی وەرگرت، و دژ بە چالاکوانە ئەرمەنەکان لە ئورفا و ئامەد. [١٨]
ھەڵگیرسانی شەڕ
[دەستکاری]ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵانی ١٨٩٠ دەستی کرد بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژ بە ئاشوورییەکان ئەوسا عوسمانییەکان پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ ئینگلیز و ئەڵمانەکان ھەبوو و بەڵێنیان دابوو بەرگری لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بکەن لە بەرامبەر ھێرش و ھەڕەشەکانی ڕووسیادا، لە کاتێکدا ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا لە ھەوڵدا بوو بەرگری لە کەمینەی مەسیحس ئەرتۆدۆکسی ئەرمەن و ئاشووریی رۆژھەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بکات و بۆ مەرامی سیاسی و گوشار دژ بە دەوڵەتی عوسمانی بەکاریان بێنێت [١٨]
دوای ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی جەنگی دژ بە رووسیا و ئینگلیز و فەرەنسا راگەیاند و چووە پاڵ ئەڵمانەکان لە جەنگی گەورەدا، ھێرشی کردە سەر سنوورەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا و جیھادی دژبە مەسیحییەکان [١٨] ڕاگەیاند. لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٤ دەستی کرد بە دەرکردن و قەتلوعامی ئاشووری و ئەرمەنەکان لە شاری وان. [١٨] د ئەڵمانەکانیش دۆخەکەیان قۆستەوە پشتگیری دارایی تەواویان پێشکەش بە عوسمانییەکان کرد لە شەڕەکەیان دژی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا . [١٨]
بەرپرسیارێتی حکومەتی عوسمانی
[دەستکاری]لە بارەی بەرپرسیارێتی حکومەتی عوسمانی و ئایا جینۆسایدەکە بە شێوازێکی سیستماتیک بووە یان نا، بۆچوونی جیاواز ھەن. سەبارەت بە بەرپرسیارێتی حکومەتی عوسمانی، ھیلمار کایزەر دەنووسێت، تەڵعەت پاشا لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩١٤ فەرمانی دەرکردنی ئاشوورییەکانی لە ناوچەکە دەرکرد، لە ترسی ھاوکاریکردنیان لەگەڵ ھێزە پێشڕەوەکانی ڕووسیا، بەڵام فەرمانەکە دواخرا و دوای سێ ڕۆژ وازی لێھێنرا بەھۆی نەبوونی سەرباز.
دۆخی پێش جەنگی گەورە
[دەستکاری]ئاشووری / سریان / کلدان لە کەمینە ئایینی و نەتەوەییە گرنگەکانی ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانین، جکە لەوەی لە شارە گەورەکانی دەوڵەت وەک موسڵ , حەلەب و ئامەد, دەژیان، بەڵام زۆربەیان لە گوندەکاندا دەژیان لە ناوچەیەکانی ورمێ وە تا ماردین ھاوسێ لەگەڵ کورد و ئەرمەنەکان دەژیان . توێژەران مەزەندە دەکەن کە ژمارەی پەیڕەوانی کەنیسەی رۆژھەڵاتی (ئاشووری و کلدان) لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ ھەزار کەسدا بووە. ھەروەھا سریانی (ئۆرتۆدۆکس و کاسۆلیکی سوریا) ژمارەیەکی ھاوشێوەیان پێک دەھێنا. کە دەکاتە کۆی ژمارەیان ٧٠٠،٠٠٠ - ١٠٠٠،٠٠٠. : گرنگترین ناوچە مێژوویەکانیان بریتی بوون لە :
ورمێ
[دەستکاری]ھەکاری
[دەستکاری]تور عابدین/ ھەڤێرکان
[دەستکاری]کۆمەڵکوژییەکان:
[دەستکاری]ئۆپەراسیۆنەکان لە (ھەکاری)
[دەستکاری]راکردن بەرەو ورمێ
[دەستکاری]کۆمەڵکوژی سێرت
[دەستکاری]کۆمەڵکوژییەکانی ویلایەتی ئامەد
[دەستکاری]کۆمەڵکوژییەکانی تور عابدین
[دەستکاری]شەڕی ھەزەخ
[دەستکاری]کۆمەڵکوژی و خۆڕاگری لە ورمێ
[دەستکاری]تیرۆرکردنی ماڕ شەمۆن
[دەستکاری]کۆچکردن بەرەو عیڕاق
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ Aprim 2005
- ^ Yeor, Kochan & Littman 2001
- ^ Gaunt 2017.
- ^ Gaunt, Atto & Barthoma 2017.
- ^ Khosroeva 2007.
- ^ ئ ا Travis 2010.
- ^ Schaller, Dominik J. and Zimmerer, Jürgen (2008) "Late Ottoman Genocides: The Dissolution of the Ottoman Empire and Young Turkish population and extermination policies."
- ^ The Plight of Religious Minorities: Can Religious Pluralism Survive?
- ^ Hovannisian 2007
- ^ Not Even My Name: A True Story - Page 131 by Thea Halo
- ^ The Political Dictionary of Modern Middle East by Agnes G. Korbani
- ^ Schaller 2009
- ^ Totten, Bartrop & Jacobs 2008
- ^ The Assyrian Genocide, 1914 to 1923 and 1933 up to the present, جامعة روتجرز"نسخة مؤرشفة". مؤرشف من الأصل فی 2012-03-22. اطلع علیە بتاریخ 2011-06-08.
- ^ Richard G. (EDT) Hovannisian "The Armenian People from Ancient to Modern Times" page 198
- ^ Armenian Massacres، الموسوعة البریطانیة «نسخة مؤرشفة». لە 4 یونیو 2011 ھێنراوە.
{{cite web}}
: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە:|ڕێکەوتی سەردان=
(یارمەتی) - ^ Erickson, Edward J. (2001). Ordered to Die: A History of the Ottoman Army in the First World War. Greenwood Publishing Group. ISBN 9780313315169.
- ^ ئ ا ب پ ت ج چ Travis, Hannibal.
- ^ Khosoreva, Anahit.
- دەروازەی عێراق
- دەروازەی تورکیا
- دەروازەی سووریا
- دەروازەی کوردستان
- دەروازەی ئێران
- دەروازەی ئەرمەنستان
- دەروازەی جەنگی جیھانیی یەکەم
- دەروازەی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە کۆمەڵکوژیی سەیفۆ تێدایە. |